قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لە شاری سلێمانی ناوەندی فاوەندەیشن هابی كردەوە كە ناوەندێكە بۆ راهێنان و پشتگیریكردنی گەنجانی داهێنەر و كارساز تا بتوانن بیرۆكە و پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێبخەن.
لە رێوڕەسمی كردنەوەی ناوەندی فاوندەیشن هاب لە كارگەی كەلتووریی سلێمانی كە ئێوارەی رۆژی دووشەمە بە ئامادەبوونی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە كونسوڵی گشتیی وڵاتان لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم ناوەندە لە دەرەنجامی گفتوگۆیەكی درێژخایەن لەگەڵ كارسازان و خاوەنكارانی كوردستان بوونیادنراوە و ئامانجەكەشی پشتگیریكردنی گەنجانی كارساز و داهێنەرە.
جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوەشكرد كە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان چەندین بڕیاری باش دران لەوانە كەمكردنەوەی رۆتین و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، بەڵام هێشتا هەندێك بەربەست مابوون كە دامەزراندنی ئەم ناوەندە هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی بەربەستەكان و هاوكار و یارمەتیدەری گەنجانی كارساز دەبێت پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێبخەن.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، “ئەم ناوەندە وەك چەترێك دەبێت بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی داهێنەر و كارساز و لەڕووی یاسایی و پسپۆڕییەوە راوێژیان پێدەدات بۆ ئەوەی بەسەر كێشە و بەربەستەكاندا زاڵبن”.