بەرپرسێکی ئەمنیی رژێمی پێشوو کە لە ساڵانی حەفتاکان لە هەرێمی کوردستان بوو دەستگیرکرا

پسپۆڕێکی ئەمنیی عێراقی هەواڵی دەستگیرکردنی خەیروڵا حەمادی عەبد جارو-ی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “دەستی هەبووە لە کوشتنی خەڵکدا و یەکێک بووە لەو بەرپرسە ئەمنییانەی بە خراپ مامەڵەکردن و لێدوان و ئەشکەنجدانی خەڵکی ناوی دەرکردووە”.

فازل ئەبورەغیف، پسپۆڕێکی ئەمنیی عێراقییە، زۆرینەی کات لەسەر پرسە ئەمنییەکانی عێراق لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان قسە دەکات و ژمارەیەکی زۆر شوێنکەوتووی هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە بابەتێکدا دەستگیرکردنی بەرپرسێكی ئەمنی سەردەمی بەعسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە راگەیاند، کە لە دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەڵاتووە.

خەیروڵا حەمادی، بەرپرسی دەزگای ئەمنیی (سەرشەقام، دەربەندیخان، دوکان، زاخۆ و دهۆک) بووە لە سەردەمی (بەعس) رژێمی پێشووی عێراقدا و لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا و تاوەکو ساڵی 1977 لە هەرێمی کوردستان بووە، کاتێک گەڕاوەتەوە بەغدادیش، وەک ئەفسەری لێكۆڵەر لەسەر كەیسی تایبەت بە کورد لە ئاسایشی بەغداد کاریکردووە و دواتریش بووەتە بەڕێوەبەری ئەمنی بەلەد و رەسافە و کەرخ لە بەغداد.

تۆمەتەکانی ئەم پیاوە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراقدا زۆرن، بەتایبەتیش سەبارەت بە سەرپەرەشتیکردنی پرۆسەكانی كوشتنی خەڵك بەتایبەتی لە نەتەوەی كورد و دانیشتوانی پارێزگای سەلاحەدین.

ئەبو زەغیف ئاماژەی بەوەکردووە، کەسێک بووە بەردەوام سەرقاڵی ئەشكەنجەدان و تاڵاوكردن بە قوڕگی خەڵكدا بووە، چێژی لە تاقیكردنەوەی هەموو ئامزارەكانی بواری ئەشكەنجەدان دەبینی بەرامبەر بە خەڵکی.

وردەکاری چۆنییەتی دەستگیرکردنەکەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی پێشوو لە تەمەنی 80 ساڵیدا و دوای ئەو هەموو ساڵە چ سوودێکی هەیە، دەڵێت، “دڵی ئەو کەسانەی بەدەستی ناوبراو زوڵمیان لێکراوە، یاخود لە کەسوکارەکەیان کراوە ئاودەخواتەوە”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی قەزای سەیدسادق کۆبووەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی کەرکوک لەسەر تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون روونکردنەوەدەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share