ستران عەبدوڵا لە وتارێکیدا بەناوی (لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات) رایدەگەیەنێت، ”هەولێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەو ئایندەیەشی بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە و ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو”.
لە بەشێکی وتارەکەیدا ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ”هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن، ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە، کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەولێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردووەتەوە”.
دەشڵێت، ”هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە، هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ ) کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو، ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێت، لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژووەکەی وێک نایەتەوە”.
دەقی وتارەکەی ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات
هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان خاوەنی شارن، ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە، کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەولێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردووەتەوە.
هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە، مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە، هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێت دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ ) کوێخایەتی تێدا بکات و تەواو، ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێت، لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژووەکەی وێک نایەتەوە.
هەولێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە، شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتیی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغداد و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێت و دەربچێ و بچێتە واری کارییەوە.
هەولێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جوڵەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت، ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی نییە، پێویست ناکات خۆی راپسکێنێت و خۆی سەغڵەت بکات و خۆخۆی بکات.
هەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا هەس، بنە و بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لە چەند مانگی تریشدا کێبرکێی هەڵبژاردن بکات و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.
هەولێر کۆمیسیۆنی تێدایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تێدا خەرجکراوە و سەدان وۆرکشۆپ و مەشق و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ، خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!
ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میهرەجان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت، لێگەرێن با دەقی سیناریۆکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک(ئیختیارەکان)ی گەمەی دامە هەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامە و دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن.
هەولێر هەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە، پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشە، پەرلەمانتارەکان، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جوڵەی گەرموگوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان هەر لەوێ دەبێت.
هەولێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەیەشی وا بەڕێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.
جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێت تەئریخی ئەربیلی نەخوێندووەتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێت، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێت کە دەشێت و رێی تێدەچێت و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێت، بە دیموکراسی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم، کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەولێری داهاتوو بکات و لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە.
ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی، ئەمە گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتیی هەولێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تێدا دەکەن.
فەرهەنگەکە گۆڕاوە، قەناعەتەکە جوڵاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.