وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گرێبەستێکی بە بەهای 12.5 ملیار دۆلار بۆ نوێکردنەوەی سەرجەم بنکەکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ”واژۆکردنی ئەو گرێبەستە کۆمەڵێک سەرچاوەی شایستە بۆ نوێکردنەوە و بەڕێوەبردن و پاراستنی ژێرخانی تۆڕی بنکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان دابین دەکات”.
بەپێی بەیاننامەکە، کۆی بەهای گرێبەستەکە 12.5 ملیار دۆلارە و وەزارەتەکە پێشبینی دەکات تاوەکو 15ی ئابی 2034 کارەکانی تەواو بێت، هاوکات پێشتریش پێنتاگۆن گرێبەستێکی بە بەهای 1.4 ملیار دۆلار واژۆکرد لەگەڵ دامەزراوەی شیکاریی بەرگری کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ کێشەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.