سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، پلانی چاككردنی گاردێلەكانی شەقامی عەربەت-سلێمانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاریان لەسەر كردووە، بەڵام لە لایەنی پەیوەندیدارەوە دواخراوە.
لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەكانی رابردوودا رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەرگرت بۆ چاككردنی گادرێلەكانی جەزرە ناوەندییەكانی شەقامی عەربەت-سلێمانی لەسەر بودجەی داهاتی هاتوچۆ.
دەشڵێت، “لەگەڵ گەیشتنی نووسراوی وەزارەتی شارەوانی، دەستبەجێ نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی كرد، ئەوانیش نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردۆتەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی چەند جارێك لە لایەنی پەیوەندیدار هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرت”.
لەیلا عومەر باس لەوەشدەكات، بەداخەوە دەبوایە لە ئێستادا دەست بە كارەكانی بكرایە كە زۆر پێویستە بۆ جوانكردنی دەروازەی شار كە یەكێكە لە پلانەكانی شارەوانی بۆ جوانكردنی دەروازەی شار و لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاریان لەسەر كردووە.
ئەو پەیامەی سەرۆكی شارەوانی ئەمڕۆ پاش بەسەركردنەوەی تیمی بڕین و قشتی بەشی ئامێرەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بوو كە لە بەیانیی زووی ئەمڕۆوە دەستیان كردووە بە بڕین (قشتکردن)ی شەقامی عەربەت-سلێمانی بە ئاراستەی هاتن بەرەو سلێمانی.