کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: كەرتی پەلەوەر مەترسیی هەرەسهێنانی لەسەرە

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان مەترسیی هەرەسهێنانی ئەو كەرتە دەخاتەڕوو و دەڵێت، “خاوەن پرۆژەکان بەرەو مایەپووچبوون دەڕۆن”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشكرایكرد، “کەرتی پەلەوەر بەتەواوی مەترسیی هەرەسهێنانی لەسەرە و هیچ لایەنێک خۆی ناکات بەخاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانیی تەواومان ناکەن بۆمانەوە و لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان ڕەخساندووە”.

ڕاشیدەگەیەنێت، “لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان بەرزدەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی چەند مانگێكدا نرخی هەر تۆنێك عەلەف لە 450 دۆلارەوە بۆ 550 دۆلار بەرزبووەتەوە، نرخی یەك جوچک لە 30 سەنتەوە بۆ 85 سەنت بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت نرخی جوچک بگاتە یەک دۆلار، کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچووی زۆر دەبێت”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ماوەی سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکات نرخ بۆ پەلەوەر دیاریبکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرسهێنان و داڕووخان بوەستێنێت.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە ڕۆژانە لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مرداردەبنەوە و زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت، لەئێستادا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی تر هۆڵەکانیان پڕبکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانیی عەلەف و جوچک، ئەمەش وادەکات كەرتەکەمان بەتەواوی ئیفلیج ببێت”.

بابەتی پێشتر

توركیا.. گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەكەوە گەیشتە 40 كەس

بابەتی دواتر

لە گەرمیان شوێن بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا نەما

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share