ئەژی چەتۆ: لە 25ی 7ەوە گەلاوێژ دەرکەوتووە

ئەستێرەی گەلاوێژ

ئەژی چەتۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، ساڵانە لەدوای 25ی تەمموزەوە ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت و دەرکەوتنیشی پەیوەندی بە پلەکانی گەرماوە نییە.

وتیشی، “لەناو گەلی کورد و زۆرێک لە گەلانی جیهان كەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ ئەفسانە و قسەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لای ئێمە خەڵکی بە دابەزینی پلەکانی گەرماوە بەستوویانەتەوە”.

ئەژی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی فەلەکییەوە، لەدوای 25 ی 7 ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمان دەردەکەوێت و کاتی دەرکەوتنەکەشی پێش هەڵاتنی خۆرە بە ماوەیەکی کەم، بەڵام زۆرجار بەهۆی خۆڵبارینەوە ناتوانرێت لە کاتی خۆیدا ببینرێت.

ئاشکراشیکرد، دەرکەوتن یان ئەوەی ناودەبرێت بە “كەوتنی” ئەستێرەی گەلاوێژ پەیوەندی بە پلەکانی گەرماوە نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، بە تایبەت لە کۆتاییەکانی مانگی هەشت و سەرەتاکانی مانگی نۆ، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە شەو درێژتر دەبێت و رۆژ کورت دەبێتەوە ماوەی دەرکەوتنی تیشکی خۆر کەمتر دەبێتەوە، بۆیە پلەی گەرمی دادەبەزێت، جگە لەوەش هێدی هێدی رووبەری سێبەرەکان زیاتردەبن.

ئەستێرەی گەلاوێژ یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکان، بە نزیکترین ئەستێرە لە زەوییەوە هەژماردەکرێت، بە درێژایی ساڵ زۆرینەی کاتەکان دەردەکەوێت، جگە لە وەرزە گەرمەکاندا هەندێک جار ناتوانرێت ببینرێت.

بابەتی پێشتر

سەرۆکایەتیی هەرێم و کۆمسیۆن: هیچ گرفتێک لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەماوە

بابەتی دواتر

بە واژووی رێبوار تەها، راکان جبوری خانەنشینکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share