سەركردەیەكی یەكێتی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بە زمانی عەرەبی باس لە وردەکاریی دانوستانەکان و چۆنیەتی بەشداربوونی سێ ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا دەكات.
خالید شوانی، دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێكهاتەی عەرەب ئەوانەی بەشداری دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بوون، رووبەڕووی هەڵمەتێكی ناڕەوا بوونەتەوە لەژێر دروشمی بەرگری لە پێكهاتەكەیان.
وتیشی، “وەك ئەركێكی مرۆیی و ئەخلاقی و سیاسی و، وەک شایەتحاڵێکیش لەسەر وردەکارییەکانی دانوستانەکان، دەمەوێت بۆ رای گشتی روونبکەمەوە کە بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسیانەی سەرکردایەتیی ئەم هەڵمەتە دوور لە مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە دەكەن و، بە خیانەتکردن تۆمەتباریان دەکەن، لە زیاتر لە کەناڵێکەوە پەیوەندییان پێوەکردووین و لە کاتی جیاوازدا پێشنیاریان کردووە بۆ دانوستاندن و رێککەوتن لەگەڵیان، بەتایبەتی دوای ئەوەی نائومێد بوون لە سەرکەوتنی هاوپەیمانیەکەیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی رەها”.
خالید شوانی باس لە وردەكارییەكانیش دەكات و دەڵێت، خالید مەفرەجی تەلەفۆنی بۆ کردم، بە دیاریکراوی ئێوارەی 4ی ئاب دوای کۆبونەوەکەی هەولێر و، پرسیاری لەبارەی تەندروستیم کرد، منیش بە تەنزەوە پێمگوت (باشم تا ئەوكاتەی پیلانەكانت سەركەوتوو نەبێت)، ئاگاداری کردمەوە کە پەیامێکی رەسمی لە فراكسیۆنی سیادە و لە شێخ خەمیس خەنجەرەوە هەڵگرتووە کە ئەوان دەیانەوێت دەرگای دانوستان لە نێوانماندا بکەنەوە و پێمگوت ئێمە کوڕی مام جەلالین، گفتوگۆ رەتناکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ژمارەیەکی دیكەی ئەندامی ئەنجومەن گفتوگۆمان هەیە و رێز لەو گفتوگۆیانە دەگرین، ناكرێت بەبێ ئەوان گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە بكەین.
“خالید مەفرەجی پێیوتم دانوستان پێویستە لەگەڵ سیادە بێت، کە چوار کورسی هەیە، نەک لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بەشێوەی سەربەخۆ و تاك”، خالید شوانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وا دەڵێت.
باسی لەوەشكرد، “لەگەڵ مەفرەجی جەختم لەوە کردەوە ئایا ئەم قسانەی ئەو پەیامێکی رەسمییە؟ دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت قسەکان جددین. سوپاس و پێزانینی خۆمم بۆ پەیامەکەی گەیاند و، ئاگادارم کردەوە كە راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی حزب دەکەم و، لە پەیوەندیشدا دەمێنینەوە”.
ئەو دانوستانكارەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، راوێژم بە سەرکردایەتی کرد، هەروەك سەركردەكانی دیكەی پێكهاتەی عەرەبیم ئاگاداركردەوە، لەو سەروبەندەدا لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی پەیامێکی دیكەش گەیشتە دەست سەرکردایەتی و بەتایبەتیش كاك ئاسۆ مامەند، لە رێگەی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی، لەوانەی بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنیان كرد. هەروەها پەیامێكی دیكەی کەسایەتییەکی عەرەبی ناسراوی کەرکوک گەیشت کە تیایدا رەزامەندیی راکان سەعیدی-یان خستەڕوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن و، هاندانمان بەوەی رێككەوتن لەگەڵ سیادە باشترە وەك رێككەوتن لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەندا بەشێوەی سەربەخۆ.
دووپاتیشیدەكاتەوە، “بۆیە هیچ كەس مافی ئەوەی نییە ئەندامانی ئامادەبوو بە خیانەتکار تۆمەتباربكات، چونكە ئەوەی بۆ ئەوان رەوایە رێككەوتنمان لەگەڵ بكەن، بۆ لایەنی بەرامبەریش رەوایە”.
خالید شوانی ئاماژەشدەدات، “رێككەوتنەكەشیان لەگەڵماندا تەنها لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نەبوو، بەڵكو بە توندی داكۆكییان لە مافەکانی پێکهاتەی عەرەبی کرد و لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین کە وەرەقەیەکی سیاسی تەواو لەلایەن هەردوو لایەنەوە واژۆکراوە کە پرەنسیپ و ناوەرۆكی ئەو وەرەقە سیاسییە لەخۆدەگرێت کە لەژێر داوا و راسپاردەی سەرۆک وەزیران بووە و تیایدا مافی هەموو پێكهاتەكان زامنكراوە”.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا دەپرسێت، ئەگەر رێککەوتنەکە لەگەڵ سیادەدا بکرایە، ئایا ئەوان قبوڵیان دەکرد لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە بە خیانەتكار تۆمەتبار بکرێن؟