دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) فەرمانی دەستگیركردنی بۆ قاسم شەشۆ فەرماندەی باڵای پارتی لە شەنگال دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی قاسم شەشۆ کراوە بەپێی ماددەی 195ی یاسای سزادانی عێراقییە و دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا داوایکردووە دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
پێشتر قاسم شەشۆ لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە وتارێکیدا وتی، ”هەتا محەمەد هەیە فەرمان ل سەر مە خلاس نابن”، هاوکات دواتر روونکردنەوەیەکیشی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ”من هیچ سوكایەتی و بێڕێزییەكم بە ئیسلام و پێغەمبەرەكەی نەكردووە”.
لەوبارەیەوە هەر ئەمڕۆ یەكێتیی زانایان و ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزدییەكان لەسەر قسەكانی قاسم شەشۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و رایانگەیاند، ”ئێمە بێڕێزی بەرامبەر هیچ ئاینێک قبوڵناکەین و ئیدانەی دەکەین”.