هەوڵێكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ چارەسەركردنی مووچەی مانگی رابردووی فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای كەركوك گەیشتە ئەنجام.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوێنێ یانزە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بە رەسمی عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوكیان راسپارد بۆ واژووکردن لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگا، بەڵام راکان جبوری رەتیكردەوە، بەو بیانووەی نووسراوی درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی لە بەغدادەوە دەهێنێت و خۆی لیستەكە واژوودەكات.
وتیشی، “ئەمڕۆ راکان جبوری نووسراوێکی بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەكرد، بەڵام رەتكرایەوە و پێی وترا كە چیتر واژووی وەك پارێزگار كاری پێناكرێت”.
سەرچاوەكە ئەوەشی روونكردەوە، بەوەش نووسراوەکەی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ راسپاردنی عەلی حەمادی سەریگرت و لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگا دابەشکرا.