جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی کەرکوک: ناوهێنانی قەرەهەنجیر بە رەبیع هەڵەی تایپ بووە

جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی کەرکوک رایگەیاند، ناوهێنانی ناحیەی قەرەهەنجیر بە رەبیع هەڵەیەکی تایپ بووە و لەو بارەیەوە داوای لێبوردن دەکات.

بەپێی نووسراوێکی ژووری بازرگانیی کەرکوک کە واژووی سەباحەدین ساڵح بەڕێوەبەری دەزگاکەی لەسەرە و ئاڕاستەی یەکێتیی پیشەسازانی عێراقی کردووە، ناحیەی قەرەهەنجیر بە ناحیەی رەبیع ناودەبات.

پێشتر و لەسەردەمی رژێمی پێشوودا لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا ناوی قەرەهەنجیر بۆ رەبیع گۆڕا دواتر و دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2013 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناوە راستەقینەکەی خۆی بۆ ناحیەکە گەڕاندەوە.

لای خۆیەوە ئاڤێستا شێخ محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەکە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، بۆ ئاگاداری هەموو لایەک قەرەهەنجیر تاکە ناوی رەسمی ناحیەکەیە و لەسەرجەم دامودەزگا حکومییەکاندا ئەو ناوە بەکاردێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن و بیرکردنەوەی بە ئەقڵی شۆڤێنی زیانێکی گەورە لە برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی ناو کەرکوک دەدات دەبێتە چاندنی تۆوی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکاندا،
کە ئەمەش بۆ دۆخی هەستیاری ئێستای ناو کەرکوک لە ئێستادا دوو هێندە زیانی دەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەک بەرپرسیارانەتر هەڵسوکەوت بکەن نەک دژ بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی بەشەرەفی شاری کەرکوک و قەرەهەنجیر.

لە لایەکی دیکەوە عومەر مامۆ جێگری بەڕێوەبەریی ژووری بازرگانیی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەوەی روویداوە هەڵەی تەکنیکی بووە و هەڵەی تایپ بووە، ئێمە داوای لێبوردن ئەکەین لەبارەیەوە، دڵنیابن ئەو کێشەیە چارەسەردەکرێت و قەرەهەنجیر وەک ناوی خۆی ناودەبرێت.

بابەتی پێشتر

کرێکارێکی بیانی لە کارگەیەکی شیشی هەولێر گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

بۆ یەکەمجار سەنتەرێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی چاو لە ئیدارەی راپەڕین دەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share