جێگری سەرۆك وەزیران لە دیدارەكانیدا لەگەڵ وەفدی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیا هانیاندەدات پاڵپشتی لە پرۆژەكانی تایبەت بە گەنجان بكەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە ئەندەرز ویبێرگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و مارتن وار، کونسوڵی گشتیی پێشووتری بەریتانیا و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کە رۆژی سێشەممە (30ی تەمموزی 2024) بەڕێوەچوو، دواپێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێکران.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی هەماهەنگی کردنی زیاتر کرا لە پرسی پەرەپێدانی سێکتەرە جیاجیاکان و ئەندەرز ویبێرگ، ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای دەربڕی لەڕووی تەکنیکییەوە هاوکاری هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە و داواشیکرد یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.
بەرپرسی نوێنەرایەتیی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، بە گرنگییەوە باسی لەم دەستپێشخەرییەی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ تواناسازیی گەنجان دەربڕی و ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپاشی دووپاتکردەوە بۆ هاوکاریکردن لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا.
هەردوولاش هاوڕابوون کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی ئابوریی شارۆچکە و ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکان.
لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ کونسوڵی پێشووتر و کونسوڵی گشتیی ئێستای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆ و هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی رێکخستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەردوولا گەشبینین کە بە تایبەتی کێشەی بودجە و مووچە بە شێوەیەکی یەکجاری و ریشەیی چارەسەربکەین.