میترۆ: بڕیارەكەی دادگای دهۆك دادپەروەرانە نییە

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای دهۆك بەرامبەر بە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبووە و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەش دەكات.

ئەمڕۆ 29ی تەمموز لە هۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد كۆتایی هات و تیایدا ئەو رۆژنامەنووسە بە ماددەی یەكی ژمارە 21ـی ساڵی 2003ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەكێتیی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەردا سەپێندرا.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە ساتی دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد لە بەرواری 25ی تشرینی یەكەمی 2023وە، میترۆ چەندین جار، لێدوان و داواكاری رووبەڕووی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری كردوە كە كەیسی دادگاییكردنەكە بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری بێت، رێگەبدرێت بە خێزان و پارێزەرەكەی بیبینن، لە كەشێكی دادپەروەرانەدا پرۆسەی دادگاییكردنەكە بەڕێوەبچێت.

دەشڵێت، “بڕیارەكەی دادگای دهۆك بەرامبەر بە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دادپەروەرانە نییە و مەرجەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانەی تێدا ئامادەنەبووە و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە دەكات”.

داواشدەكات دادگاكان وەك فاكتەرێكی فشار و تۆڵەسەندنەوە لە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەكارنەهێنرێت، پێویستە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە و ئازادیی رادەربڕین زەمینەسازی برەخسێنرێت بۆ فەراهەمكردنی پرۆسەیەكی دادگایكردنی دادپەروەرانە. بە پێویستیشی دەزانێت لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوەدا كار بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری بكرێت، نابێت لەژێر هیچ پاسا و بیانویەكدا پەنا بۆ یاساكانی دیكە ببردرێت.

سەنتەری میترۆ دووپاتیشیدەكاتەوە، لە كەیسەكەی سلێمان ئەحمەددا، نەتوانراوە مافەكانی وەك تۆمەتبارێك بۆ فەراهەمبكرێت، هەر لە شێوازی دەستگیركردنەكەی و نكۆڵیكردن لە دەستگیركردنی بۆ ماوەیەك، پاشان دوای 211 رۆژ رێگەدراوە كە خێزانەكەی و پارێزەرەكەی بیبینێت، هەموو ئەمانە گومانەكان گەورەتردەكەن لەسەر راست و دروستیی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون.

سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسی (رۆژنیوز)، دوای ئەوەی بۆ بەشدارییكردن لە پرسەی باوكی سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی لە 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا و لەوكاتەوە لە زیندانە.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی: شەش تۆمەتبار دەستگیرکران کە هاوکاریی هەڵاتنی راگیراوەکەی چاکسازیی سلێمانییان کردووە

بابەتی دواتر

وەزیری شارەوانی: هەر فەرمانبەرێک هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت مافی هەیە داوای زەوی بکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵه‌بانی له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی: ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌م گه‌شه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20ی تشرینی دووه‌م، هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی چالاكییه‌كانی ڕۆژی دووه‌می ده‌ستپێكرد، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی…
Total
0
Share