پەرلەمانتارێك شوێنی بونیادنانی گەورەترین وێستگەی كارەبا لە وزەی خۆر لە عێراق ئاشكرادەكات و دەشڵێت، پرۆژەی هاوشێوە لە پارێزگاكانی دیكەش ئەنجامدەدرێت.
مزر كروی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ستراتیژی حكومەت لە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی وزە لە وڵاتدا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەڕێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ دیاریكردنی شوێنی بونیادنانی وێستگەی وزەی خۆر لە پارێزگاكان و بونیادنانی لەلایەن كۆمپانیا جیهانییە تایبەتمەندەكانەوە.
وتیشی، “وەفدێكی كۆمپانیایەكی چینی گەیشتووەتە دیالە بۆ دیاریكردنی بونیادنانی یەكەم وێستگەی وزەی خۆر لە رۆژهەڵاتی عێراق، بە توانای تا 120 میگاوات لەسەر رووبەڕی نزیكەی 1000 دۆنم”.
لە مانگەكانی داهاتوودا لە 12 بۆ 17 وێستگەی دیكە شوێنیان لە پارێزگاكانی تر بۆ دیاریدەكرێت، كە توانایان لەنێوان 20-120 مێگاوات دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە وای وت.
روونیشیكردەوە، عێراق دەتوانێت لە سێ ساڵی داهاتوودا 10%ی پێداویستییەكانی لە كارەبا لەڕێی وزەی خۆرەوە بەدەستبهێنێت، ئەگەر سەرجەم پرۆژە دیاریكراوەكان جێبەجێ بكرێن.