ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە و ئەو گرفتە تەكنیكی و ژمێریارییانەی كە هەبوون چارەسەركراون.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بابەتی هێزە ئەمنییەكان جیاوازبووە لە فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی عێراق داوای تەواوی زانیاریی لەسەر هێزە ئەمنییەكان كردووە و زانیاری و داتای فەرمانبەرانی لابووە و ئەوەش وایكردووە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان دوابكەوێت.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردەوە و وتیشی، “چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە و ئەو گرفتە تەكنیكی و ژمێریارییانەی كە هەبوون چارەسەركراون”.
لەبارەی بابەتی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێت، “حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق تێروانینی جیاوازیان بۆ ئەو بابەتە هەبووە و هەرێم پێیووایە دەبێت 50%ی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بكات، بەڵام حكومەتی عێراق دەیەوێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی رادەستبكرێت”.