ئەمریکا و عێراق پابەندبوونی خۆیان بۆ هاوکاریی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەی وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەفدیی ئەمنی عێراق رایگەیاند، واشنتۆن و بەغداد پابەندبوونیان بە هاوکاریی ئەمنی و بەرژەوەندیی هاوبەشیان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکدا هاتووە، ”هەردوولا کۆمەڵێک بابەتی ئەمنیی دوولایەنەیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ساڵی 2008ی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق وەک دانپێدانانێک بۆ هاوبەشیی هەمەلایەنەمان تاوتوێکرد، هەروەها ئەمریکا و عێراق پابەندبوونیان بە پەرەپێدانی تواناکانی ئاسایش و بەرگری و ئیرادەی بەغداد بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات لە ئاسایش و سەروەریی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە”.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ”ئەمریکا و عێراق بەردەوامدەبن لە راوێژکاری سەبارەت بە پتەوکردنی هاوکاریی دووقۆڵی بۆ دڵنیابوونەوە لە شکستی هەمیشەیی داعش دوای زیاتر لە 10 ساڵ هاوکاریی هاوپەیمانی جیهانی و عێراق، هاوکات ئاماژە بە دەستکەوتە مێژووییەکانی هاوپەیمانی لە عێراق کرا و رێز لە ملیۆنان قوربانیانی دەستی داعش گیرا وەک قوربانیانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهان”.

لەلایەکی دیکەوە، ”هەردوولا گرنگی بەردەوامی عێراقیان لە پاڵپشتی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سوریا و لە سەرانسەری جیهان دووپاتکردەوە، بێجگە لەوەش واشنتۆن و بەغداد گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر قۆناغێکی نوێی پەیوەندی ئەمنی دوولایەنە کە بریتییە لە هاوکاری لە رێگەی ئەفسەران، راهێنان و بەرنامەکانی هاوکاریی ئەمنی”.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ”بۆ پشتیوانیکردن لە سەروەری و ئاسایشی عێراق، هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە، نوێنەرایەتیی راوێژکاری لە عێراق ئامادەیە لەسەر بانگهێشتی بەغداد بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی لە شەڕی دژی داعش و پاڵپشتی و پەرەپێدانی ئەو هێزانە بە هێزە ئەمنییەکانی کوردستانیشەوە، هەروەها نوێنەرانی عێراقیش پابەندبوونی خۆیان بۆ پاراستنی کارمەندان، راوێژکاران، هێزەکان و دامەزراوە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە”.

لە بەشێکی دیکەدا، ”هەردوولا باسیان لە پێویستی خێرای گەڕاندنەوەی ئاوارە و زیندانیانی سیاسی کردەوە کە ئێستا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریان بۆ زێدی خۆیان لەگەڵ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی یەکگرتنەوە لە ناوخۆی عێراق”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ”کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی دووەمین گفتوگۆی هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش، جەخت لەسەر پابەندبوونی هەردوو وڵات دەکاتەوە بۆ قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمریکا و عێراق سەقامگیریی ناوچەکە بەرەوپێش دەبات و نوێنەرایەتی پابەندبوونی هەردوو وڵات دەکات بۆ بەهێزکردنی رێککەوتنی ستراتیژی گشتیی واشنتۆن و بەغداد”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

فۆڕمی پێدانی زەوی بەسەر خانەنشیناندا دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share