وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی كارەبا دابەشدەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، سبەی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی كارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مانگی ئایار دابەشدەكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هیچ تەموویلێكی بۆ مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان نەناردووە و هەردوو مانگەكە لە داهاتی ناوخۆ دابینكراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری دەشڵێت، “بەردەوامە لەهەوڵەكانی بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە، بۆ ئەو مەبەستە لەهەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق”.