بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 21 تیرۆریستی داواکراو رادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، رایگەیاند، لە چالاکییەکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دوای بەدواداچوون و چاودێریی وورد و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بووە، بەفەرمانی دادوەر توانرا لە پارێزگای سلێمانی 21تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن کە لەلایەن دادگاکانی عێراق داواکراون.
دەشڵێت، تیرۆریستان بەئامانجی خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لەئەنجامی دانپێدانانیان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت پیلاندانەر و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا تیرۆریستان بەماددەی چواری تیرۆر داواکراون لەلایەن دادگاکانی عێراق، لەبەر تایبەتمەندی کەیسەکانیان رادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کران.