ئەمڕۆ رۆژی جیهانی مێشکە، بەم چەند رێگەیە بیرەوەریت باشتربکە

رۆژی 22ی تەمموزی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی مێشک دیاریکراوە، ئەم رۆژە بۆ دووپاتکردنەوەی مانەوەی مێشکی مرۆڤە بە تەندروستییەکی باشتر و بە ئامانجی ئەوەی هۆشداریی کۆمەڵایەتی لەبارەی دۆخە دەمارییەکانی مێشکی مرۆڤەوە زیادبکرێت.

پسپۆڕانی تەندروستی بۆ باشترکردنی بیرەوەریی مێشکی مرۆڤ، چەند خاڵێک بە گرنگ دادەنێن و ئەمانەن:

یەکەم: چالاکی فیزیکی، یاخود جەستەیی، رۆشتنی خوێن بۆ مێشک زیاددەکات، بیرەوەری باشتردەکات و پێشنیاری پێنج رۆژ لە هەفتەیەدا دەکرێت بۆ هەر کەسێک 30 خولەک وەرزش بکات.

دووەم: خۆراک، خواردنی ژەمی دەوڵەمەند بە میوە، سەوزە و تۆوەکان، پڕۆتینی پێویست بۆ مێشک دابین دەکات، وەک ئۆمیگا سێ، لە چەرەساتەکان و ماسی و تۆوەکاندا بوونی هەیە.

سێیەم: ئەنجامدانی یارییەکانی پەیوەست بە بیرکردنەوە، وەک پەزڵەکان لەگەڵ خوێندنەوە، فێربوونی شتێکی نوێ، ژەنینی موزیک.

چوارەم: خەوی رێک، شەوانە حەوت بۆ نۆ سەعات بخەون، ئەوە تەندروستی مێشک بەرەوپێشدەبات.

پێنجەم: کەمکردنەوەی سترێسی رۆژانە، وەک ئەنجامدانی یۆگا، مێدیتەیشن، هەناسەی قوڵ هەڵمژین و راگرتنی و پاشان دانەوەی هەناسەکە و بەسەربردنی کات لەناو سروشتدا.

شەشەم: پەیوەندی کۆمەڵایەتی، تێکەڵبوونی کۆمەڵگە و کەسانی نزیکت، شتێکی زۆر باشە، چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی بیرەوەریت، یەکێکی دیکەش لە شتەکان بەشداربوونە لە کۆمەڵە و گروپی خوێندنەوە و ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی.

حەوتەم: سەپڵیمێنت، تەواوکاری خۆراکی، وەک جینگۆ بایلۆبا، جینسینگ، ڤیتامینی B، ئەمانە هەمووی کاریگەری باشیان لەسەر بیرەوەری دەبێت، بەڵام هیچ تەواوکار و دەرمانێک بەبێ راوێژکردن بە پزیشک مەخۆن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share