نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژەی هێڵی پەیوەندیی کارەبایی نێوان عێراق و تورکیای کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێڵی پەیوەندیی کارەبایی (عێراق – تورکیا) لە ساڵی 2004ەوە راگیرابوو، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە یەکەمجارە عێراق پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ تورکیا و یەکێتی ئەوروپا درووستبکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵی 2022، وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆکردنی رێککەوتنێکی دووقۆڵی بۆ پەیوەندیی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی وزەی تورکیا راگەیاند بۆ ئەوەی وزەی زیاتر بۆ سیستمی نیشتمانی دابینبکات، ئەمەش دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ و رەزامەندی یەکێتی ئەوروپا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رێککەوتنەکە لە پێناو دابینکردنی 300 مێگاوات کارەبایە بۆ عێراق وەک قۆناغی یەکەم بۆ تۆڕی نیشتمانی، لە رێگەی هێڵی پەیوەندیی کارەبایی (جەزرە – موسڵ/ 400 کیلۆڤۆڵتەوە).