وێنە و ڤیدیۆی ئەندامانی هۆزێكی تەواو گۆشەگیر لە پیرۆ بڵاوبوونەوە، دوای ئەوەی لە دارستانە باراناوییەكانی ئەمازۆن هاتنە دەرەوە، لەگەڵ هۆشدارییەكان دەربارەی “كارەساتی مرۆیی” پاش دەركەوتنە دەگمەنەكەیان.
بینینی ئەندامانی هۆزی “ماشكۆ پیرۆ”ی بنەڕەتی، كاتێك بوو كە لە شوێنە نیشتەجێبوونە دوورەدەستەكەیان لە دارستانە باراناوییەكانی ناوچەی ئەمازۆنی وڵاتە لاتینییەكە هاتنە دەرەوە، بۆ گەڕان بەدوای خۆراكدا.
رێكخراوی “سرفایفل ئینتەرناشیۆناڵ” رۆژی سێشەممە، وێنەیەكی دەگمەنی ئەندامانی “ماشكۆ پیرۆ” بڵاوكردەوە، كە دەیانیان لە كەنار رووبارێكی نزیك ئەو شوێنەی كۆمپانیاكانی بڕینەوەی درەختەكان كاری تیادەكەن، دەردەكەون.
كۆمەڵەی مافی دانیشتووانی رەسەنی ناوچەكە (FENAMAD) رایگەیاند، هۆزە گۆشەگیرەكە لە چەند هەفتەی رابردوودا بینراون كە لە دارستانەكەوە هاتوونەتە دەرەوە و بەدوای خۆراكدا دەگەڕێن، پێدەچێت بشیانەوێت لە داربڕەكان دووربكەونەوە.
“سرفایفل ئینتەرناشیۆناڵ” هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەكان، رایگەیاند، ئەندامانی هۆزەكە لە كۆتایی حوزەیرانی رابردوو لە كەنار رووبارێكی ناوچەی مادری دیی دیۆس لە باشووری رۆژهەڵاتی پیرۆ و، نزیك لە سنووری بەرازیل، بینراون، بەپێی رۆیتەرز.
رێكخراوەكە، كە بەرگری لە مافی گەلە رەسەن و هۆز و گەلە دابڕاوەكان دەكات، هۆشداریشیدا لەوەی تاكەكانی ئەو هۆزانە رووبەڕووی “كارەساتی مرۆیی” دەبنەوە، لەگەڵ زیادبوونی دەستدرێژیی دابڕەكان بۆسەر خاكەكانیان، بەپێی تۆڕی “سكای نیوز”ی بەریتانی.