دەزگای ئاسایش هەرێم دەستگیركردن و هەڵوەشاندنەوەی گروپێكی مەترسیداری تاوانی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنێت، كە زیاترلە 250 كەسیان كردووەتە ئامانج لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك.
لە راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و دەستنیشانكردنی شوێنی تۆمەتبار لەلایەن تیمەتەكنیكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی توانیان ئەندامێكی سەرەكیی باندەكە دەستگیربكەن، ئەم باندە داواكراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتیی (ئینتەرپول)ەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لەسەر سكاڵای ژمارەیەكی زۆر لە قوربانییانی ئەم باندە كەبەشێوەی گروپ كاریان كردووە لە دەرەوەی وڵات، بوونەتەهۆی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی 250 كەس .
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، “بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ئەندامی سەرەكی باندەكە بەناوی بەئامانج بگرن و لە وڵاتی توركیاوە بە پلانێكی تۆكمە بەناونیشانی رێكخستنی ژوانێك بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیریبكەن.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت تۆمەتبار زیاتر لە 250 كەسی لە رێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە فریوداوە، باندەكە كەسانی خاوەن پێگە و سەرمایەدار و بەتەمەنی كردووەتە ئامانج و بڕی سەد بۆ سەد و پەنجا هەزار دۆلاری لە رێگای هەڕەشەكردن و بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكانەوە وەرگرتووە و لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی 2 لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكەی بەردەوامە.