وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت رایدەگەیەنێت، هیچ گرفتێكمان لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە نییە و دەشڵێت، “گرفت لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە كە كۆمپانیاكانی بواری نەوت بەو نرخە رازی نین كە دیاریكراوە”.
كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، پێشتر رێككەوتن لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمەوە كرابوو، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە و گرفت لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە كە حكومەتی عێراق ساڵانە بڕە پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەكات و لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكانی بواری نەوت خۆیان وەبەرهێنانیان كردووە بەو بڕە پارەیەی دیاریكراوە رازی نین و ئێمە وەكو وەزارەت و حكومەتی هەرێم بۆ هەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانیش هیچ كێشەیەكمان نییە.
وەزیری سامانە سروشتییەكانی بە وەكالەت جەختیكردەوە وتیشی، “هیچ گرفتێكمان لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە نییە “.