وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە گواستنەوە و دابەزینی خوێندكاران لە نێوان زانكۆكان بە ئەلیكترۆنی دەستپێدەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندكاران/ بۆ ساڵی نوێی خوێنـدنی (2024-2025) بەشێوەی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنێت، كە پڕۆسەكە لە 15ی 7ی 2024 دەستپێدەكات تاوەكو 31ی 8ی 2024.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەمەبەستی بەرچاوڕوونی بۆ ئەو خوێندكاران دەیانەوێت پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزاندن ئەنجامبدەن، لەهەمانكاتدا هەر خوێندكار پرسیار یان سەرنجێكی هەبێت وێڕای خوێندنەوەی دەقی ڕێنماییەكان، دەتوانێت پرسیارەكانی لەڕێگای لینكی هاوپێچ ئاراستەی تۆماری هەریەك لە زانكۆكان بكات و وەڵامدەدرێتەوە.
تێبینی:
1. خوێندكار لەناو ئەكاونتی تایبەتی خۆیەوە دەتوانێت لەڕێگای كورتەنامەوە گفتوگۆ لەگەڵ تۆماری كۆلێژ یان تۆماری گشتیی زانكۆكان بكات بۆ هەر پرسیار و روونكردنەوەیەك.
2. ئەگەر خوێندكار (یوزەرنەیم و پاسۆردی) نەبوو یاخود لە یادی كردبێت، بۆ چوونە ناو سیستمی گواستنەوە و دابەزین، ئەوا بە ژمارەی تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەبات لە تۆماری زانكۆكەی پڕۆسەكە ئەنجامدەدات.
3. بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزین پێویستناكات هیچ خوێندكارێك سەردانی وەزارەت بكات، چونكە پڕۆسەكە بە ئەلیكترۆنی ئەنجامدەدرێت.
4. پێویستە لەو ماوەی دیاریكراوە خوێندكاران مامەڵەكانیان تەواوبكەن، چونكە لە دەرەوەی ئەم ماوەیە مامەڵەكەی جێبەجێناكرێت.