جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق.
قوباد تاڵەبانی. جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیامێكدا رایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکی دیکەش برینداربوو.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق”.
جێگری سەرۆك وەزیران دڵنیاییش دەدات و ئاماژەدەدات، هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا دەڵێت، سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرز و هەڤاڵانی شەهید جوامێر رەشید لە هێزەکانی ئاسایش دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم روحی شەهید جوامێر بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ کارمەندە بریندارەکەی هێزەکانی ئاسایش دەخوازم.