وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی فۆڕمی دامەزراندنیان لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیی پێباز پڕکردووەتەوە و ناویان هاتووەتەوە دەڵێت، ”هەر کەسێک لە نۆرەی خۆیدا بۆ چاوپێکەوتن ئامادە نەبێت مافی دەفەوتێت”.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ”سەرجەم ئەو پاڵێوراوانەی کە ناویان هاتوەتەوە بەمەبەستی دامەزراندنی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی کارتی نیشتیمانیی ناحیەیی پێباز، دوای وردبینیکردن و پاڵاوتنی ناوی پێشکەشکاران بە رەچاوکردنی مەرجی تەمەن، لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند ناوی پاڵێوراوان دیاریکراوە”.
سەبارەت بە کاتی چاوپێکەوتنی پاڵێوراوەکان دەڵێت، ”دەرچووانی بەشی یاسا و ئەندازیاری تەکنەلۆجیای زانیاری رۆژی 23ی تەمموزی 2024 و دەرچووانی بەشی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و بەشی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە 24ی تەمموزی 2024 لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی 2 لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ئامادەبن”.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، ”پاڵێوراو پێویستە وێنەی رەسەنی کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری، وێنەی رەسەن یاخود پەسەندکراو لە بڕوانامەی دەرچوون بە نمرەوە لەگەڵ خۆی بهێنێت، هاوکات تایبەت بە کەسوکاری پلەیەکی شەهیدان پێویستە بەڵگەنامەی پەسەندکراو بهێنێت کە بیسەلمێنێت کە کوڕ یان کچی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانن”.