گەشتیارێک کەوتە ژێر پێی فیلێکەوە و گیانیلەدەستدا

حکومەتی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، لە پارکی نەتەوەیی پیلانسبێرگ لەلایەن فیلێکەوە هێرش کراوەتە سەر گەشتیارێکی ئیسپانی تەمەن 43 ساڵ و لەژێر پێیدا گیانیلەدەستداوە.

پۆلیسی ئەفریقای باشوور لەو بارەیەوە ئەوەی ئاشکراکرد، ”چوار گەشتیار بە ئۆتۆمبێلەکەیان بە دەوری پارکی نەتەوەیی پیلانسبێرگدا دەسوڕانەوە، لە نزیک دەریاچەیەکی پارکەکەوە، ئەو کەسەی گیانیلەدەستداوە، چەند فیلێک و بێچووەکانیانی بینووە و ویستوویەتی لەنزیکەوە وێنەیان بگرێت، بەڵام فیلێکیان هێرشی بۆ هێناوە و لەکاتی راکردندا کەوتووەتە ژێر پێی فیلەکەو گیانیلەدەستداوە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستەی پارک و گەشتیاریی باکووری رۆژئاوای سەربە حکومەتی ئەفریقای باشوور بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی فیلەکان شەش دانە بوون، سێ دایک و سێ بێچوو و دوای رووداوەکە راستەوخۆ لەو شوێنە ونبوون و دیارنەماون.

ئەو پیاوە تەمەن 43 ساڵە لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی دوو هاوڕێی خۆیان کردبوو لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقای باشوور و دواتر بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش ویستوویانە سەردانی ئەو پارکە بکەن و ئەو رووداوە روویداوە.

پۆلیسی ئەفریقای باشوور لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکرد و دەڵێت ئەو سەرنشینانەی دیکە کە لەگەڵ قوربانییەکە بوون هەموویان خەڵکی شاری جۆهانسبێرگن و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە.

هێرشی فیل لەو ناوچەیەدا باوە و لە ساڵی 2021 فیلەکان لە پارکە نەتەوەییە بەناوبانگەکەی کروگەر لە ئەفریقای باشوور، راوچییەکیان کوشت، هاوکات ساڵی رابردوو لە زیمبابۆی بەهۆی هێرشی ئاژەڵە کێوییەکانەوە کە زۆربەیان فیل بوون، 50 کەس گیانیان لەدەستدا و 85 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پارکی پیلانسبێرگ و پارکەکانی دیکەی ئەفریقای باشوور پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو گەشتیارانەی کە لە ئۆتۆمبێلە گشتیارییەکاندا گەشت دەکەن، پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە داخراوی بهێڵنەوە و لە ئۆتۆمبێلەکانیان دانەبەزن.

بابەتی پێشتر

روونكردنەوەیەك لە ئاسایشی هەولێرەوە

بابەتی دواتر

ئەو چیایەی بە یەكێك لە جوانترین شوێنەكانی چین دادەنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share