هەمووكات بەوەفا نییە.. دوو سەگ خاوەنەكەیان دەكوژن

زۆرینەی جار سەگ وەك هاوەڵێكی بەوەفا و پاسەوانێكی نایاب سەیر دەكرێت، بەڵام ئەمجارەیان سەبارەت بە ژنێكی بەریتانی پێچەوانەكەی دەرچوو.

دوو سەگ پەلاماری ژنێكی بەریتانی 42 ساڵیاندا و تا مردن وازیان لێنەهێنا. لەو پەلامارەدا هاوسەرەكەشی بە سەختی برینداربوو، كاتێك هەوڵیدابوو لە چنگیان دەریبهێنێت، وەك ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (زە سەن) بڵاویكردووەتەوە.

تیمەكانی بەهاناوەچوون و پۆلیس بەخێرایی گەیشتنە شوێنەكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە ڕزگاركردنی ژیانی ژنەكە، لەكاتێكدا هاوسەرەكەی لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردایە.

پۆلیس ئاشكرایكرد، ئاگاداركردنەوەیەكی پێگەیشتووە دەربارەی هێرشی سەگ بۆسەر ژن و پیاوێك لە شارۆچكەی ڕۆسۆهام-ی باشووری كەرتی یۆركشایر لە باكووری بەریتانیا. كاتێك كارمەندانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە، ژن و پیاوێكیان بە برینی مەترسیدارەوە بینی.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دوو سەگ لە ماڵەكەدا بوون، هیچكام لەوانە لە جۆرە قەدەغەكراوەكان نەبوون، هەردووكیان سەگی ماڵی لە جۆری American Bully XLs بوون.

كوڕێكی قوربانییەكە وتویەتی، هەردوو سەگەكە لە بارودۆخێكی باشدابوون، مامەڵەیەكی باشیشیان لەگەڵدا كراوە.

ڕاپۆرتێك كە لەلایەن كۆمەڵەی هەڵسوكەوتی سەگ و پشیلەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بە زیادبوونی هێرشی سەگ لە بەریتانیا بەڕێژەی 54% دەكات لەنێوان ساڵانی 2020-2021دا.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی لەسەر پاشكەوتی مووچە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

بابەتی دواتر

مێسی بۆ ناسڕ خلێفی: جارێ چاوەڕێ بکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share