بەهۆی نەبوونی ئاو و گرفتەكانییەوە هاوڵاتییانی گەڕەكی دارەتووی هەولێر گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و بۆماوەیەك رێگای هاتوچۆیان گرت.
ژنێكی دانیشتووی گەڕەكە بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستای وت، چوار ساڵە ئەم گرفتەیان هەیە و بەرپرسانی شارەكە نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن.
وتیشی، “تانكەریش بە 15 رۆژ بەرمان ناكەوێت”، لەكاتێكدا بۆ پارەی ئاو هەموو سەری مانگێك دێن.
ژنێكی دیكەی ئامادەبووی گردبوونەوەكە وتی، دوو مانگ و نیوە ئاویان بۆ بەرنەدراوەتەوە و ئەوە چەندین ساڵە گرفتارن.
ئەو ژنە وتیشی، “80 رۆژە كوڕم مووچەی وەرنەگرتووە، ناتوانین پارەی ئاو و كارەبا و مۆلیدە بدەین، پارەمان نییە”.