بەڕێوەبەری ژمێریاریی خانەنشینیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی پێویستە لیستی مووچەخۆران بەر لە هەموو 10ی مانگێك ئامادەبكرێت و لە وەزارەتی دارایی هەرێم بێت، هاوكات زانیاریی نوێی لەبارەی رێكارەكانی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق ئاشكرادەكات.
سارا حەمە نەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاریی خانەنشینیی سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی هەرێم پێویستە بەر لە هەموو 10ی مانگێك لیستی مووچە ئامادەبكرێت و بنێرێتە گەنجینەكان تاوەكو لە 10ی هەموو مانگێكدا لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێم بێت.
لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق وتیشی، ” وەك ئامادەكارییەك لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لیستەكانمان ئامادەكرد و لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێم لیژنەیەك پێكهێندراوە و ئێستا بڕیاردراوە ئەو لیستانەی ئامادەكراوە پەسەندبكرێت كە كەمترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێم 500 هەزار دینار دەبێت”.