ئاژانسێكی ئەوروپی ئاشكرایكردووە، ڕێژەی كۆچكردنی نایاسایی بەرەو ئەوروپا لە ساڵی 2020دا بە جۆرێك كەمبووەتەوە، ماوەی حەوت ساڵە هاوشێوەی نەبووە.
ئاژانسی فرۆنتێكس، پاسەوانی سنووری ئاوی و وشكانیی یەكێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە 11ی كانونی دووەم ئاشكرایكردووە، “ژمارەی حاڵەتەكانی پەڕینەوەی نایاسایی بۆ سنووری ئەوروپا، دەركەوتووە لە ساڵی 2020دا بە ڕێژەی 13% دابەزیوە كە 124 هەزار حاڵەت هەبوون”.
ئاژانسە ئەوروپییەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیە پەیوەندی بە ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە كۆرۆناوە هەیە كە وڵاتان گرتویانەتەبەر.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو ڕێژە كۆچبەرە نایاساییەی لە ساڵی 2020دا تۆماركراوە، لە ساڵی 2013ەوە بەو جۆرە كەم نەبووە.