بۆچی ئیمارات هەوڵ بۆ لەناوبردنی ئیخوان موسلمین دەدات؟

ئیمارات پێیوایە ئیسلامی سیاسی هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری

بەهاری عەرەبی بواری ئەوەی بۆ هەندێك پارتی سیاسیی پەیوەندیدار بە كۆمەڵەی “ئیخوان موسلمین” هەلێكی نوێی بەدیبهێنن، دوای ئەوەی هەوڵیاندا شۆڕش و هەڵبژاردنەكان لە بەشێكی بەرچاوی وڵاتانی ناوچەكەدا وەك خاڵی هەنگاو بەرەو دەسەڵاتی سیاسی بەكاربهێنن.

بەڵام سەرەرای سەركەوتنی هەندێكیان لە میسر و تونس و یەمەن چەند وڵاتێكی دیكە، بەڵام ئەو پارت و گروپانە كرانە ئامانج.

بەپێچەوانەی سعودیەوە كە هەماهەنگی لەگەڵ لقە یەمەن-ییەكەی “ئیخوان موسلمین”دا كرد، ئیمارات وا ناودەبرێت كە دژایەتی هەر جۆرە دەركەوتنێكی ئیسلامی سیاسی دەكات.

كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین كە زۆرجار وا تەماشادەكرێت ڕێكخراوێكی سنووربڕە، بەڵام لە بنەڕەتدا دابەشبووە بۆ چەند بزوتنەوە و پارتێكی جیاجیا كە لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتان كار لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ كەشی سیاسی وڵات و چوونە پێشەوە دەكەن.

كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین ساڵی 1928 لە میسڕ لەسەر دەستی (حەسەن بەننا) دامەزرێنرا، سەرەتا هەوڵی بۆ فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی شانازی بە ناسنامەی ئیسلامی لەلایەن میسڕییەكانەوە كە پێشتر بەهۆی داگیركاری بەریتانیاوە لێی بێبەش بوبوون، بەڵام هەرزوو بەخێرایی بیروباوەڕەكانی بڵاوبووەوە و لقەكانی لە سەرجەمی ناوچەكەدا پەرەیسەند.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە گروپە پەیوەندیدارەكان بە ئیخوان موسلمین لەكاتی ئێستادا هەماهەنگی لەنێوانیاندا وەك بزوتنەوەیەكی سنووربڕ نییە، هەندێك لە لقەكانیان وەك ئەوەی لە تونس و یەمەن هەن، بوونی لەم جۆرە پەیوەندییە ڕەتدەكەنەوە.

لە میسر ئیخوان موسلمین سەركەوتنێكی بێ پێشینەیان لە یەكەم هەڵبژاردنی ئازاد لە ساڵی 2012 بەدەستهێنا، بەڵام جارێكی دیكە لە ساڵی داهاتوودا دورخرایەوە لەو كودەتایەدا كە سەرانی سوپای میسر ئەنجامیاندا.

شارەزایان دەڵێن، دەستی نهێنی ئیمارات پشتیوان بوو لەو كودەتایەدا، دوای پێشكەشكردنی پشتیوانی دارایی و جۆرەكان دیكە بۆ سوپا، كە لەو كاتەوە هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی كۆمەڵەكە دەستپێكردووە.

دواتر ئەبوزەبی هۆشداری دایە تونس، پاش ئەوەی پارتی (بزوتنەوەی نەهزە)ی ئیسلامی لەدوای شۆڕشی یاسەمین گەیشتە دەسەڵات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی حزبەكە ئیلهام لە ئیخوان موسلمینەوە وەربگرێت و، ئەگەری ئەوەی ببێتە هاوپەیمانی ئیخوان موسلمینی میسر، ئیمارات پشتیوانییەكانی بۆ پارتی (بانگەوازی تونس)ی عەلمانی پەرەپێدا.

هاتنەناوەوەی ئیمارات لە سەرەتادا بووە هۆی لاوازبوونی “نەهزە” ئەمەش ناچاریكرد لە ساڵی 2014 هاوپەیمانی پێكبهێنێت بۆ دابەشكردنی دەسەڵات، پاشان بەپێی هەندێك لە ڕاپۆرتەكان ئەبوزەبی هانی (بانگەوازی تونس)ی دا كودەتا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە تونس بكات بۆ دووبارەكردنەوەی نمونەكەی میسر.

دەوترێت لە یەمەن-یش ئیمارات لە پشت ئەو كردەی كوشتانەوە بووە كە ئەندامە دیارەكانی پارتی “كۆبەندی یەمەنی بۆ چاكسازی” گرتووەتەوە، پارتەكە لەسەر كۆمەڵەی ئیخوان ئەژماردەكرا. لەسەروو ئەوەشەوە ئەبوزەبی پشتیوانی ئەنجومەنی جودایخوازی لە یەمەن كرد، كە ئەمیان بە دژی ئیخوان دادەنرێت.

لە سودانیش ساڵی 2019 ئیمارات پشتیوانی ئەنجومەنی سەربازیی قۆناغی گواستنەوەی كرد كە بە هەوڵەكانی بۆ دامەزراندنی ڕژێمێكی دژ بە ئیسلامی سیاسی لەو وڵاتە ناودەبرێت.

هۆكاری دژایەتییەكەی ئیمارات بۆ ئیخوان چییە؟
لە وتارێكدا كە بەمدواییە لە ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) بڵاوبووەتەوە ڕۆبەرت وۆرس، كە چاوی بە محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی كەوتووە، باس لە تێڕوانینی بن زاید بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و لە پرسەكانی دیكەی تایبەت بەودا دەڵێت، كەسێكی گەنجە و ڕۆشنبیرییەكی فراوانی هەیە دەربارەی هاندانی ئازادیی ئایینی، هەر ئەمەش پاڵنەری دژایەتیكردنی بۆ ئیخوان موسلمین.

وتارەكە وۆرس بە وردی هەوڵەكانی ئیمارات و باڵی سیاسەتی دەرەوەی و ویستەكانی ئەبوزەبی لە ناوچەكەدا ڕوندەكاتەوە.

لەناوخۆشدا لە ئیمارات گروپێكی پەیوەندیدار بە ئیخوان موسلمین هەبوو بەناوی (ئیسلاح)، سەرەڕای ئەوەی گروپەكە هەر پەیوەندییەكی بە ئیخوانەوە ڕەتدەكردەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە لەو گومانە دەرنەچوون و هاوكات لەگەڵ شەپۆلی بەهاری عەرەبی هەڵمەتێك لەدژیان ئەنجامدرا.

كۆرتنی فریر، نوسەری كتێبی قەڵەمڕەوی ئیخوان لە وڵاتانی كەنداو دەڵێت، ئیمارات پێیوایە ئیسلامی سیاسی هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی حكومی و ئەمنی.

دەشڵێت، “بەهۆیەوە بزوتنەوەی ئیسلامییەكانی ئەمڕۆ پاشەكشەیان كردووە، لەسایەی هەوڵەكانی پتەوكردنی ئەوەی پێیدەوترێت ئیسلامی میانڕەو”.

بەهەمان شێوە ئەو گەمارۆیەی ماوەی چەندین ساڵە كراوەتەسەر قەتەر، لەچوارچێوەی هەڵوێست و هەنگاوەكانی ئەبوزەبی دوورنییە كە بەرهەڵستنی هەر كەس و دامەزراوە و حكومەتێك دەكات پشتیوانی لە “ئیسلامی سیاسی” بكەن كە ئیمارات سەرجەمیانی خستووەتە خانەی “دەمارگیرییەوە”.

كریستیان ئۆلریچسین، توێژەر لە پەیمانگەی بیكەر بۆ سیاسەتە گشتییەكان لە زانكۆی رایس كە نوسەری كتێبێكە دەربارەی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دەڵێت، ئیمارات و قەتەر لە ساڵی 2011ەوە سیاسەتێكیان گرتووەتەبەر كە زۆركات پێچەوانە یەكتر بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد هەڵوێستی ئەبوزەبی بەرامبەر سیاسەتەكانی دەوحە سەبارەت بە بەهاری عەرەبی پاڵنەری پشت نوێبوونەوەی ناكۆكییەكانی ساڵانی 2014 و 2017 بوو، هەروەك محەمەد بن زاید لە نزیكەوە كاریكردووە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتوو نەك تەنها دەربارەی گەمارۆدانی قەتەر، بەڵكو دەربارەی هەندێك لە جەنگ و ململانێكانی ناوچەكەش.

بابەتی پێشتر

باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد بڕیارێكی وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەكەی بە هەڵە ناودەبات

بابەتی دواتر

كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا لە 2020دا بە ڕێژەی 13% كەمی كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share