بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستمان بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە بۆ گۆڕانکاری لە حوکمڕانیدا

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بە بیانووی جیاواز و دەشڵێت، هەرێمەکەمان پێویستی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە تاوەکو ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە بەشێكی دیدارەكەدا دەربارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بە بیانووی جیاواز، هەرێمەکەمان پێویستی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە تاوەکو ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان.

روونیشیکردەوە، هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە دووربێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە دەنگی خەڵکەوە، بۆیە چاوەڕوانیی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر سەنگی هەرێمەکەمان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لەبارەی کەرکوک و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان، سەرۆکی یەكێتی هەڵوێستی حزبەكەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکە پەرۆشین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و دیاریکردنی پارێزگارێک کە ببێتە مایەی قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی بەبێ جیاوازی، بۆ ئەمەش لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین و هیوادارین لەزووترین کاتدا بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی و لەخزمەت کەرکوکییە خۆشەویستەکاندا بین.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکەی، پشتیوانیی یەکێتیشی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە و هیواشی خواست ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان.

هەروەها دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ تاوتوێکران، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و هەوڵی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵک و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر، رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەتایبەت لاوان و هاندانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانی عێراق: هەرێم و عێراق لەبارەی سیاسەتی گومرگییەوە رێککەوتن

بابەتی دواتر

ئەو چیرۆکەی بە هەمووان دەڵێت هیچ شتێک مەحاڵ نییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share