زانکۆی سلێمانی: یەکەمین خولی فێربوونی زمانی چینی لە زانکۆی سلێمانی کرایەوە

زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، یەکەمین خولی فێربوونی زمانی چینی بۆ خوێندکاران و فەرمانبەران و بازرگانان لە هۆڵەکانی کۆنگرێسی زانکۆ کرایەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کردنەوەی خولەکە لە رۆژی 26ی6 رۆژی چوارشەممە بووە و لە سەرەتای مەڕاسیمی کردنەوەی خولەکە، د. کاوە جەمال، یاریدەدەریی سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند، لە داهاتوودا رەنگە زمانی چینی رۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە جیهاندا شانبەشانی زمانی ئینگلیزی.

د. کاوە جەمال باسی لەوەشکرد، چین رۆڵێکی گەورەی هەیە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و بازرگانی، خەڵکێکی زۆری خۆشمان دەچێتە ئەو وڵاتە بۆ کاری بازرگانی، بۆیە گرنگە فێری زمانی چینی بن.

جەختی لەو گرنگییەش کردەوە، ئەگەر فێری چینی ببین، لە کاتی گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان پێویستمان بە وەرگێڕ نابێت، چونکە زانینی زمان رۆڵێکی گرنگی لە گفتوگۆ بازرگانی و ئەکادیمییەکان هەیە.

د. سەروەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین لە زانکۆی سلێمانی، رایگەیاند، خولەکە لەلایەن دوو مامۆستای چینی پێشکەش دەکرێن لەناو زانکۆی سلێمانی کە بەیانیان و ئێواران دەبێت و تێیدا خوێندکاران و فەرمانبەران و بازرگانانیش بەشدارن.

ئەوەشخرایەڕوو، خولەکە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت لەناو پۆل دوو مامۆستا وانە دەڵێنەوە و دوو مامۆستاش بەشێوەی ئۆنڵاین، کە خۆیان چینین و ئەزمونێکی زۆریان هەیە.

دەشڵێت، “ئەم خولە زۆر گرنگی هەیە، چونکە ئێستا لە جیهاندا خەڵکێکی زۆر هەوڵ دەدەن فێری زمانی چینی بن، لەبەرئەوەی دووەم وڵاتی بەهێزە لە رووی ئابورییەوە و کلتورێکی دەوڵەمەندی هەیە”.

بابەتی پێشتر

بڕەپارەیەک بۆ هەڵەبجە خەرجکرا

بابەتی دواتر

زۆر بەکارهێنانی مۆبایل ئەم زیانانەی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share