حکومەتی هەرێم: پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە لەکاتی خۆیدا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر چەند پرسێک کۆبووەوە، یەکێک لە پرسەکان تایبەت بوو بە دابەشکردنی مووچە و ئەنجومەنەکە داوای لە بەغداد کرد بە زووی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرێت و داوا لە وەزارەتی دارایی کرا پەلەبکات لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغداد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، باسی دۆخی کارەبا کرا و ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەندکرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی رێژەی %20ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاوڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 رێژەی داشکاندنەکە بەردەوام دەبێت .

لە بڕگەی دووەمدا باس لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی ئەمساڵی حەج و رێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە کرا و ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی راسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیان لە دەستدانی بەشێک لە حاجییانی هەرێمی کوردستان بکۆڵنەوە و هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتی پەیوەندیدار بە مووچە کرا و ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکان، داوای کرد کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە.

هەر لە بارەی مووچەوە ئاماژە بەوەشکرا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

لەبارەی دیارکردنی رۆژی 20ی ئۆتۆبەر بۆ ئەنجامنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی عێراق: پلەی گەرمی بەر خۆر و شوێنی سێبەر 10 پلە جیاوازیی هەیە

بابەتی دواتر

وتەبێژی یەكێتی: ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە پاركی ئازادی لە سلێمانی بەڕێوەچوو

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم مۆنیومێنتی “پارێزەرانی حەقیقەت”ی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی كردەوە، كە یادی ئەو…
Total
0
Share