رێزان حەمەساڵح نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا رایگەیاند، یەکێک لە نوێنەرایەتییەکانی ئیتاڵیا لە هەرێم لە راپۆرتێکدا بۆ حکومەتی وڵاتەکەی نووسیویەتی، “هێندەی ئۆتۆمبێلی سەد هەزار دۆلاری لە شەقامەکانی هەرێم دەسوڕێنەوە بە هەموو ئیتاڵیا ئەوەندە ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی تێدانییە.
رێزان حەمەساڵح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لەدوای نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا حکومەتی هەرێم هەر بەهێنانەوەی تەرمەکان نەوەستاوە، بەڵکو پێداگری ئێمە لەسەر چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، دۆزینەوەی تەرمەکانی خێراترکرد بۆ نموونە یەکەم ڕۆژ، چوار تەرم دۆزرابوونەوە، دوای ئەوە لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە هیچ باڵیۆزخانە و کونسوڵیەتێک تەرم بنێرێتەوە لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرانە ناڵێم هەڵهاتوون، بەڵام لەدەست ئەو دۆخە ناڕازیبوون، بەڵام جارێکی تر حکومەتی هەرێم باوەشییان بۆ دەگرێتەوە تێچووی گەڕاندنەوەیان خستۆتە سەر ئەستۆی خۆی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئەو کەسانەی لە هەرێم دەژین، هی ئەوە نییە کە دۆخێکی خراپ بێت، بە رەچاوکردنی دۆخی ئەوروپا دۆخی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر باشترە، من بینیومە چی بۆ وڵاتی خۆیان دەنوسن ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە، یەکێک لەوانە بۆ وڵاتەکەی خۆی نوسیبوو، هێندەی ئۆتۆمبێلی سەد هەزار دۆلاری لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دەسوڕێتەوە بە هەموو ئیتاڵیا کە 80- 90 ملیۆن کەسە ئەوەندە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی تێدانییە، یانی بەراوردەکە زۆر زەقە کە دەیکەن، بەڵام ناهەقیشییان نییە و هیچ لەخۆیانەوە ناڵێن، یان ئەوەی کوڕێکمان ژن دەهێنێ چەند ئاڵتونی بۆ دەکەین و چ ئاهەنگێکی بۆ دەکەین، ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە ئەوانەیان هەمووی وتووە بە وڵاتانی خۆیان.