وەزارەتی دارایی: لە ئاییندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێم دادەنرێن

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، “لە ئاییندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێم دادەنرێن”.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و رایگەیاند، جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و رێگری لە سپییکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەڕێگای هەشت بانکی ئەهلی و حکومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە باوەڕپێکراون و رەزامەندی بەشداری پرۆژەکەیان پێدراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی بڕیاریدا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێن تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیارییکراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکیی خۆیان، بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلولی ئەمساڵ بە ، خۆیان تۆماربکەن فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.

باس لەوەش دەکات، تائێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراون، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، تا ئێستا 94 ئامێری راکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێن.

وەزارەتەکە دەڵێت، تائێستا لیستی نزیکەی چوار هەزار و 500فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکیTBI  کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.

 

بابەتی پێشتر

پیشەوەرێك لەكاتی لەحیمكردنی تانكەرێك گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

حاجییەكی دیكەی هەرێم لە مەككە كۆچی دواییكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share