ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاودەنێت و دانیشتنێکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە ئابورییە هەڵپەسێردراوەکان لە هەرێمی کوردستان رێکدەخات.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری عێراقدا بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوری عێراق و بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و چەند راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەڕێوەچوو.
چەند بڕیارێک دەرکرا و یەکێک لەوانە پەیوەست بوو بە هەرێمی کوردستان، بریتی بوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوە ئابورییەکانی هەرێم بە بەشداری هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە ئابوری لە هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم.