وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دیپۆرتکردنەوەی هەزاران کەسی بۆ وڵاتەکەی خۆیان راگەیاند کە بەنیازبوون فەریزەی حەجی بازرگانی ئەنجامبدەن.
تەلال شەلحوب، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، 256 هەزار و 481 کەسیان لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تاوەکو ئەمڕۆ دیپۆرتی وڵاتەکەی خۆیان کردووەتەوە کە بەنیازبوون بە ڤیزە سەردانکردن فەریزەی حەج ئەنجامبدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ”دەسەڵاتی ئەمنی بە توندی دژی هەموو ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە کە کاریگەریی خراپ لەسەر ئاسایشی حاجیان بە هەر شێوەیەک بێت دابنێت و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکات کە سەرپێچی ئەو کارە بکات”.
دەشڵێت، ”دامودەزگا ئەمنی و حکومییەکان بە ئامادەکارییەکی تەواوەوە بەگوێرەی ئەو پلان و یاسایانەی بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ پەسەنکراون، بەردەوامدەبن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە شوێنە پیرۆزەکاندا”.