هێرشی دووەم لە فەڕەنسا ڕویدا و ئەنجامدەرەكەی كوژرا

میدیاكان بڵاویانكردەوە هێزە ئەمنییەكان كەسێكیان بە فیشەك كوشتووە كە بە چەقۆ هەڕەشەی لە ڕێبوارانی شارێكی باشووری فەرەنسا كردووە، ئەمەش دووەم هێرشی ئەمڕۆیە لەو وڵاتەدا.

ڕادیۆی (ئەوروپا 1)ی فەڕەنسی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكان كەسێكیان لە شاری ئەفینیۆن كوشتووە پاش ئەوەی لە یەكێك لە شەقامەكانی شارەكە بە چەقۆ هەڕەشەی لە ڕێبواران كردووە.

بەپێی ڕادیۆكە تۆمەتبارەكە دەستەواژەی (ئەڵڵاهو ئەكبەر)ی وتوەتەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێكدا بە چەقۆ سێ كەس كوژران و دووانی تریش برینداربوون، پۆلیسی فەڕەنساش ڕایگەیاند، تۆمەتباری ڕوداوەكەیان دەستگیركردووە.

ئەو دوو ڕوداوەی ئەمڕۆ لەكاتێكدایە نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر پاش وتنەوەی وانەیەك دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین و نیشاندانی وێنەیەكی كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، ساموێڵ باتی كە مامۆستایەكی خوێندنگەی ئامادەیی بوو لە فەڕەنسا، لەلایەن خوێندكارێكی بەڕەگەز چیچانی خۆیەوە سەربڕدرا، دواتریش خوێندكارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.

ڕوداوەكە كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی فەڕەنسا لێكەوتەوە، لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی و بەیداخی عەلمانیەت بەرز ڕادەگرین. ئەوەشی وت، “واز لە کاریکاتێر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، ئەگەر ئەوانیدیکەش پاشەکشە بکەن. هەموو ئەو هەلانەی لەسەر شانی کۆمارن بۆ هەموو گەنجانی دەڕەخسێنین بەبێ جیاکاری”.

وتەكانی ماكرۆن نیگەرانی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕێكخراو و كەسایەتییە ئیسلامییەكانی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە هەندێكیان بایكۆتی شمەكی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

یەکێتی و پارتی بە دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک ڕازین

بابەتی دواتر

سوپای پاسداران بۆردومانی چەند گوندێکی ناحییەی سیدەکانی کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share