شەقامەکانی ناسڕیە گڕدەگرن.. خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە

خۆپیشاندان لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق دەستیپێکردووەتەوە و بە ڕادەیەک دۆخەکە بارگرژی تێکەوتووە، کە دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بۆ توندیی ناڕەزایی و توڕەیی خەڵکی پارێزگاکە و بە تایبەت شاری ناسڕیە-ی ناوەندی پارێزگای زیقار دەگەڕێتەوە، توڕەبوونێک، کە وادەردەکەوێت ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دانەمرکابێتەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی عێراق کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019دا دەستیانپێکرد،  ناسڕیە سەرمەشقی پارێزگاکانی دیکە بوو، تەنانەت ناسڕیە بەر لە بەغداد-یش خۆپیشاندانی دەستپێکرد و چەندین ڕوداوی خوێناوی بەخۆیەوە بینی، تاکە شاری عێراق-یشە کە لە خۆپیشاندانەکاندا بارەگای سەرجەم حزبەکانی سووتاندبێت و بۆ رازیکردنی خەڵکەکەشی، دوو سەرۆکوەزیران سەردانیان کردبێت.

جارێکی دیکە خۆپیشاندەرانی ناسریە چوونەوە گۆڕەپانی حبوبی

ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی لە ناسریە لە بەرواری 9ی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووەتەوە و خۆپیشاندەران چوونەتەوە گۆڕەپانی حبوبی، ئەمجارە خۆپیشاندەرانی ناسریە سەرباری داواکارییەکانی پێشتریان، داوا دەکەن خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن و ئەوانەی ڕفێندراون و بێسەروشوێنن چارەنوسیان دیاریبکرێت، هەروەها ڕفاندن و کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان ڕابگیرێن.

شانەی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ناسرییەوە ڕایگەیاند، تەنها دوێنێ یەکشەمە 10ی کانونی دووەم، پۆلیسێکی عێراقی کوژراوە و 33 پۆلیسی دیکەش برینداربوون، لە لایەکی دیکەشەوە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایکردووە، تەنها دوێنێ 111 خۆپیشاندەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە ناسریە برینداربوون.

هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی حبوبی لە ناسرییە داوادەکەن ئەوانەی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و بەرپرسیارن لە کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ناسریە جارێکی دیکە شایەتی دووکەڵ و ئاگرکردنەوەی سەر شەقامەکانە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە چڕی بڵاوبوونەتەوە، لە گۆڕەپانی حبوبی دەنگی تەقەی هێزە ئەمنی و چەکدارە نەناسراوەکان و هاویشتنی بۆمبی دەستی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەبیسترێت، بۆ ڕێگەگرتن لە بەرفراوانبوون و کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان.

پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، لە بەغداد لەبارەی ئەو چالاکوان و یاریدەدەرە پزیشکییەی بە ناوی حەیدەر یاسر لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناسریە کوژرا ڕایگەیاند ئەوە تاوانێکی کوشتنی قورس و ترسناکە.

لەبارەی کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەرانەوە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، گرژییەکانی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە بە لادان و لەدەستدەرچوون ناودەبات و ڕایگەیاند پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کێشەکان گەورەتر دەکات.

کۆمسیۆن ڕایگەیاند، “بەردەوامی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و پارێزگارینەکردنی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران دەبێتە هۆی بێسەروبەری و قوربانیی گەورەی لێدەکەوێتەوە”.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داواشی لە مستەفا کازمی کردووە ئاسایشی پارێزگاکە بپارێزێت و ڕێکاری بە پەلە بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران بگرێتەبەر و ئەو پشێوییە ئەمنییەی هەیە لە پارێزگاکە کۆتایی پێبێت”.

بە پێی سەرچاوە عێراقییەکان شەوی شەممەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ناسرییە دەستڕێژی گولەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کردووە و بۆمبی فرمێسکڕێژیان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوودا

خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 و 2020ی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر لە 600 کەس کوژراو و 30 هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە و دەیان چالاکوانیش ڕفێندراون و بێسەروشوێن بوون.

بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران ژمارەیەک شاندی نێوان حکومەت و خۆپیشاندەران لە چەندین ڕێگا و کەناڵی جیاوازەوە کۆبوونەوە و گفتوگۆیانکرد، چونکە حکومەت دەیویست ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە کۆتاییان پێبێت و خێمەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپان و شەقامەکانی سەرجەم پارێزگاکان بە یەکجاری هەڵبگیرێن.

لە شاری ناسریە-ی ناوەندی پارێزگای زیقار، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا جارێکی دیکە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە گۆڕەپانی حبوبی ئەنجامدرا و بەهۆی ئاڵۆزی و پێدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانەوە دەیان خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون.

گۆڕەپانی حبوبی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 و 2020یشدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ناڕەزایەتییەکان و لە بەرواری 5ی تشرینی یەکەمی 2020 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی شاری ناسریە-یان کرد و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوبەری پۆلیس و بەرپرسانی دیکەی شارەکە ئەنجامدا.

دوای ئەوەی لە  کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی 2020 پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر و خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی لە ناسرییە ڕویدا و لایەنگرانی سەدر ڕێگرییان لە خۆپیشاندەران کرد بچنە گۆڕەپانەكە، هەروەها خێمەکانی خۆپیشاندەرانیان لە مەیدانەکە سووتاند، بە چەند ڕۆژێک دوای ئەو پێكدادانە خۆپیشاندانەکان لەو شارە کۆتاییانهات.

هەرچەندە عادل عەبدلمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019دا سەردانی خۆپیشاندەرانی بەغداد و ناسڕیە و چەند شوێنێكی تری كرد بە مەبەستی قایلكردنیان، كەچی خۆپیشاندەران قایل نەبوون و لە ئەنجامی پێداگیریی خۆپیشاندەران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حكومەت، کابینەکەی عادل عەبدلمەهدی هەڵوەشایەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای کانونی یەکەمی 2019دا دەستی لەکار کێشایەوە، دواتر لایەنە عێراقییەکان ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ ئەو پۆستە و لە 7ی ئایاری 2020دا مستەفا کازمی بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی توشی کۆرۆنا بوو

بابەتی دواتر

چیرۆکی ئەو پیاوەی 45 ساڵ پایسکیلێکی دانا تا خاوەنەکەی بگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share