بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بەنزین لە شاری کەرکوک زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین گەیەندرایە شارەکە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەری کێشەی کەمی بەنزین لە شاری کەرکوک، یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە رێگای بۆرییەوە لە بێجییەوە گەیەندرایە پارێزگاکە، هاوکات یەک ملیۆن و 200 هەزار لیتری دیکەی بەنزین لە پاڵاوتگەی بازیانەوە گەیەندرایە وێستگەکان، ئەمە جگە لە 72 هەزار لیتر بەنزینی موحەسەن و سوپەری دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوك دڵنیایی دەداتە شۆفێران کە گرفتی کەمی بەنزین و قەرەباڵغی وێستگەکان نامێنێت.
ماوەی چەند رۆژێکە قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەنزینخانەکانی کەرکوك دروستبووە و شۆفێران بەئەستەم دەتوانن بەنزینیان دەستبکەوێت.