قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی راپەڕین، بە ئامادەبوونی ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دکتۆر پەیمان رەمەزان ئەحمەد، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین باسیان لە کەموکوڕییەکانی زانکۆکە کرد و رۆئیای خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا لە دەڤەری راپەڕین خستەڕوو.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە گرنگیی زانکۆ لە داڕشتنی پلان و سیاسەت لە کەرتە جیاوازەکاندا، جەختیلەوە کردەوە، دەبێت زانکۆی راپەڕین رۆڵی بنەڕەتی ببینێت لە گەشەپێدانی ناوچەکە لە بوارە جیاوازەکاندا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی زانکۆکە دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد، دەبێت زانکۆکان خۆیان لەگەڵ بازاڕدا بگونجێنن و زانیاری و داتای ورد کۆبکەنەوە لەسەر پێویستییەکانی بازاڕی کار، بۆ ئەوەی هێزی کاری شارەزا بۆ بازاڕی کار پەروەردە بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بەوەی دەڤەری راپەڕین ناوچەیەکی شیاو و بەپیتە بۆ کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی خۆراک، جەختیلەوە کردەوە، پێویستە زانکۆی راپەڕین پلانی تۆکمە دابنێت بۆ پەروەردەکردنی هێزی کاری شارەزا بۆ گەشەپێدانی ئەو کەرتانە لە ناوچەکەدا و هاوکاتیش بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەو بوارانە و بوارەکانی دیکەشدا یارمەتیدەری حکومەت و کەرتی تایبەت بێت.

بابەتی پێشتر

هۆکاری سەرەکی هەوکردنی ریخۆڵە ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

یەکێتیی زانایان داوا لە حاجییان دەكات قوربانییەكانیان لە كوردستان ئەنجامبدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share