سێ خۆراک کە یارمەتیی باشترکردنی بیرەوەری دەدەن

توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ دەریخستووە، خواردنی بڕێکی زۆر لە هەنار، شوتی و گوێز، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی یادەوەری بەتایبەت لای نەخۆشانی زەهایمەر.

بەپێی هەواڵی فۆکس نیوز، توێژەرانی زانکۆی کۆبنهاگن و پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پیربوون لە تاقیکردنەوەکانی سەر مشکدا بۆیان دەرکەوتووە کە “یورۆلیسینA” دەتوانێت کێشەکانی بیرەوەری و کاریگەرییەکانی دیکەی نەخۆشیی بیرچوونەوە کەمبکاتەوە.

پێکهاتەی “یورۆلیسینA” لە هەنار، گوێز و شوتی-دایە، بەپێی فۆکس نیوز، ئەم ماددەیە لە ئێستاوە بە شێوەی حەب بەردەستە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە “یورۆلیسینA”، “مایتۆکۆندریا” لە مێشکدا لاواز دەکات یاخود لایدەبات، بەمەش هۆشیاریی زیاتر بۆ مێشک دەگەڕێنێتەوە.

بە پشتبەستن بە ئەنجامە ئومێدبەخشەکان کە لە تاقیکاریی سەر مشکی نەخۆشیی زەهایمەر بەدەستگەیشتوون، توێژەران پلانیان هەیە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لەسەر مرۆڤیش ئەنجامبدەن، بەڵام دڵنیانین لەوەی چەند لەو ماددەیە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی.

فیلهیلم بۆر، مامۆستای بەشی پزیشکی خانەیی و گەردیلەیی لە زانکۆی کۆبنهاگن، کە بەشداریی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت، “هێشتا ناتوانین هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ژەمە دەرمانەکە بڵێین، بەڵام بەپێشبینی من باشترە زیاتر لە هەنارێک بخورێت لە رۆژێکدا”.

تانیا فرایریش، پسپۆڕی خۆراک لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا، بەڵام بە فۆکس نیوزی راگەیاندووە، “چارەسەری درێژخایەن بە “یورۆلیسینA” دەبێتە هۆی باشتربوونی بەرچاو لە فێربوون و بیرەوەری و کاراکردنی بۆنکردن لە مشکدا”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدڵنیاییەوە ئامۆژگاری هەر کەسێک دەکەم کە هەنار، شوتی و گوێز بخاتە ناو خۆراکی رۆژانەیەوە.

دەشڵێت، ئەوانە خۆراکی تەواون و پرۆسێس نەکراون و زۆر بەهای خۆراکییان هەیە، و رێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسێنەریان تێدایە بەتایبەت گوێز کە ئۆمیگا سێ-ی تێدایە.

 

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە مەحمود سەنگاوی تێكۆشەر و سەركردەی دیاری یەكێتی و كوردستان كرد

بابەتی دواتر

لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوك کۆبوونەوەیەکی دیکەی ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share