جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەفدێكی سەربازیی ئەڵمانیا تاوتوێی چاكسازی و زیاتر بە پیشەییکردنی هێزی پێشمەرگەیان كرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە هێزی پێشمەرگە تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (3ی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی هەریەکە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و جەختیشان کردەوە لەسەر رێکخستنەوەی باشتری هەموو هێزەکان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا وەفدە سەربازییەکەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا، روانگەی خۆیان بۆ زیاتر بە پیشەییکردنی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و باسی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە بواری تەندروستی و چارەسەرکردنی خێرادا کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە.
جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا بە تایبەتیش لەڕووی راهێنان و پاڵپشتی لۆجستییەوە و هیواشی خواست هاوکارییەکان بەردەوامییان هەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی ژنانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە کرا و گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتی راهێنانی زیاتر بە هێزەکانی ژنان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانەتر ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.