سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی 49یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی هەمیشە ئامادەیی تەواوی هەبووە لە قۆناغە جیاوازەکاندا درێژە بە خەبات بدات بۆ سەقامگیریی زیاتر و ئاوەدانی و چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵاتدا.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، ”رۆژی 1ی حوزەیران رۆژێکی گرنگ و پڕبایەخی مێژووی گەلەکەمانە، رۆژی دامەزراندنی یەکێتی دەستپێکردنی خەباتێکی مەزنی شۆڕشگێڕانەیە لەپێناو ئازادی نیشتماندا، ”رۆژی 1ی حوزەیران رۆژێکی گرنگ و پڕبایەخی مێژووی گەلەکەمانە، کە رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتێکی مەزنی شۆڕشگێڕانەیە لەپێناو ئازادی نیشتماندا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ”49 ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رابەرایەتی سەرکردە و سیاسەتمەداری کۆچکردوو سەرۆك مام جەلال و بە پشتیوانی و هاوخەباتیی سەرکردەکانی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و ئەندامان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کاروانی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵا و ستراتیژییەکانی گەلەکەمان کەوتەڕێ و لەم پێناوەشدا هەزاران رۆڵەی نیشتمان گیانیان بەخشی و بە خوێنی خۆیان رووبەڕووی ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت بوونەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بڕوای تەواوی بە بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ هەبووە، لە خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجانە جیاوازی لەنێوان رۆڵەکانی نیشتماندا نەکردوە، هەر ئەوەش وایکردوە کە پێگەی لە کوردستان و عێراقدا هەمیشە بەهێزبێت و کاریگەر بێت”.
لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو، ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە ئامادەیی تەواوی هەبوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەم لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت، هەم لە دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دواتریش لە بونیادنانی عێراقی نوێدا، ئێستاش بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵ و پێگە بەهێزەکەی و ئەزمون و خەباتی بەردەوامی، لە قۆناغێکی مێژووییدایە تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە نیشتمانییەکان درێژە بە خەبات بدات بۆ سەقامگیریی زیاتر و ئاوەدانی و چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵات و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ هاوڵاتییان”.