ئینگلتەرا یەكەم ڤاكسینی دژ بە شێرپەنجە تاقیدەكاتەوە

ئینگلتەرا یەكەم هەنگاوی نا بۆ پێدانی یەكەم ڤاكسینی دژە شێرپەنجە كە دەشێت هاریكار بێت بۆ رێگری لە دووبارە گەڕانەوەی نەخۆشییەكە پاش چارەسەری سەرەتایی، ئەمەش وەك بەشێك لە تاقیكردنەوەیەكی نوێ.

ڤاكسینە نوێیەكە جۆرێكە لە جۆرەكانی چارەسەری بەرگری، دروستكراوە بۆ هاندانی سیستمی بەرگریی لەش تا شوێنی خانە شێرپەنجەییەكان دیاریبكات و دژی بوەستێتەوە، ئەمەش هەلی جارێكی دیكە گەڕانەوەی نەخۆشییەكە كەمدەكاتەوە.

بە پێچەوانەی ڤاكسینەكانی دیكەی وەك نەخۆشییەكانی ئەنفلۆنزا و كۆڤید-19، كە دەدرێتە كەسێك بۆ رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەكە، ڤاكسینی شێرپەنجە ئەو كەسانە چارەسەر دەكات كە خۆیان تووشبووی نەخۆشییەكەن.

وەك ئەوەی پێگەی (نیوزویك) بڵاویكردووەتەوە، زۆرێك لە ناوەندەكانی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە سەرتاسەری ئینگلتەرا بەشداردەبن لە تاقیكردنەوەكەدا، لە سەرەتاشدا دەدرێتە تووشبووانی شێرپەنجەی كۆڵۆن، رێكە، پەنكریاس، پێست، سی و گورچیلە.

ڤاكسینەكانی ئەم تاقیكردنەوەیە لەلایەن كۆمپانیای بایۆتەكنەلۆجی (بیۆنتیك ئێس ئەی)ەوە دروستدەكرێن.

ئیان فۆكس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری توێژینەوە و داهێنان لە ناوەندی توێژینەوەكانی شێرپەنجە لە شانشینی یەكگرتوو وتی، كاری ڤاكسینەكە بریتییە لە بەئاگاهێنانەوەی سیستمی بەرگری و دواتریش دۆزینەوەی شێرپەنجە و بەئامانجگرتنی لە قۆناغی یەكەمدا.

ئەوەشی وت، ڤاكسینەكە بەشێكی بێ زیانی میكرۆب یان ڤایرۆس (وەك پرۆتین، یان بەشێكی مردوو یان لاوازی میكرۆبەكە، یان پارچەیەك لە ماددە بۆماوەییەكە) لەخۆدەگرێت، كە سیستمی بەرگری وەك نامۆ هەستیپێدەكات و وەڵامدانەوەی دەبێت لەڕێی بەرهەمهێنانی دژەتەنەكان.

دەشڵێت، ئەگەر لە ئایندەدا جارێكی دیكە ئەو خانە شێرپەنجەییە بۆ جەستە بگرێتەوە، سیستمی بەرگری بەخێرایی دەیناسێتەوە و هێرشی دەكاتەسەر.

چاوەڕوان دەكرێت ئەم چارەسەرە هاوشانی نەشتەرگەری، چارەسەری كیمیایی و چارەسەر بە تیشك بۆ رێگری لە گەڕانەوەی شێرپەنجە بەكاربهێنرێت، هەروەك لێكەوتەكانی كەمتر دەبێت لە چارەسەرییەكانی دیكە.

تاقیكردنەوە لەسەر دەرمانەكە تا ساڵی 2027 تەواو نابێت، بۆیە ساڵانێكی دەوێت تا چارەسەرەكە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

بابەتی پێشتر

لە هیندستان بەهۆی گەرماوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

کوەیت بەرزترین پلەی گەرمی لە جیهاندا تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share