قائیمقامیەتی دەربەندیخان لە بارەی رژانی رۆنی رەشەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

قائیمقامیەتی دەربەندیخان سەبارەت بە رژانی رۆنی رەش لەسەر رێگای نێوان میرەدێ – دەربەندیخان لە شەوی رابردوودا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە دەڵێت، ”ئاگاداری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوەمان کردووە رێگایەکی جێگرەوە بۆ بارهەڵگرەکان دروستبکەن”.

لە روونکردنەوەکەدا قائیمقامیەتی دەربەندیخان رایگەیاندووە، ”بەداخەوە گرفتی رێگای دەربەندیخان – میرەدێ گرفتێکی گەورە و درێژخایەنی هاوڵاتییانی دەربەندیخان و ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم رێبوارانی رێگاکەیە و تاوەکو ئێستاش قوربانیەکی زۆری گیانی و ماددی هەن لە رێگاکەدا و چەندین کەس لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە یاخود کەمئەندام بوون”.

دەشڵێت، ”قائیمقامی دەربەندیخان چارەسەرکردنی گرفتی رێگاوبانی لەپێشینەی کارەکانی داناوە و بەردەوام لەهەوڵدابووە لەوبارەیەوە، هاوکات سەبارەت بەرژانی رۆنی رەش و هاتنی بارهەڵگر بۆ شەقامەکانی ناوشار چەند هەوڵێکمان داوە”.

سەبارەت بە هەوڵەکانیان لەوبارەیەوە دەڵێت، ”لە ماوەی رابردوودا بە نووسراوی رەسمی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوەمان ئاگادارکردووەتەوە کە رێگایەکی جێگرەوە بۆ تەنکەر و بارهەڵگرەکان یاخود چارەسەری گرفتی رژانی نەفتاوی تەنکەرەکان بکەن، هەروەها هاتوچۆی دەربەندیخانمان ئاگادارکردووەتەوە رێگری بکەن لە هاتنی تەنکەر و بارهەڵگرەکان بۆ شەقامی سەرەکیی ناو بازاڕ لە شەودا”.

دەربارەی هەوڵەکانی ئێستایان قائیمقامیەتی دەربەندیخان دەڵێت، ”هەوڵدەدەین لەژێر رێنمایی هاتۆچۆی دەربەندیخاندا بەربەست دابنێین لەسەر شەقامی ناوبازاڕ و سی مەتری، بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئەو شەقامە لەلایەن تەنکەر و بارهەڵگرەکان”.

بابەتی پێشتر

جووتیاران لەبارەی دروێنەکردنی گەنمەوە ئاگاداردەکرێنەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی راپەڕین ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share