كێ نازناوی پریمەرلیگ دەباتەوە؟

لە ململانێی یانەكان لەسەر نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی (پریمەرلیگ) كەمێك كات ماوە تا ناسنامەی پاڵەوانی وەرزی 2023/ 2024 دیاریبكرێت. لەمساڵدا ژمارە و سیناریۆی زۆر لە ئارادان بەهۆی ئەو جیاوازییە كەمەی لەنێوان مانجستەر سیتیی پێشەنگ و ئەرسیناڵ-ی دووەم هەیە.

مانجستەر سیتی پێشەنگی خولی نایابی ئینگلیزی گرتووە بە 88 خاڵ بە جیاوازیی دوو خاڵ لەگەڵ ئەرسیناڵ-ی خاوەن ریزبەندیی دووەم.

سیتی لە دوا گەڕی پریمەرلیگ میوانداریی وێست هام یونایتد دەكات، لە بەرامبەریشدا ئەرسیناڵ لەگەڵ ئیڤەرتۆن-ی میوانی رووبەڕوو دەبێتەوە.

سیتیزن تەنها یەك بردنەوەی ماوە بۆ ئەوەی نازناوەكە بۆ جاری چوارەم لەسەریەك بباتەوە، پێشتر لە مێژووی تۆپی پێی ئینگلیزیدا نەبووە تیمێك چوار نازناوی یەك لەدوای یەكی خولی نایاب بباتەوە.

لە بەرامبەردا تۆپهاوێژەكان دەیانەوێت نازناوەكە بچننەوە كە 20 ساڵە لە ئەمبارەكەیان بزرە.

كوڕانی پیپ گواردیۆلا پێویستیان بە بردنەوەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكەی نێوان ئەرسیناڵ و ئیڤەرتۆن، لەكاتێكدا ئەگەر سیتی شكست بهێنێت و ئەرسیناڵ بیباتەوە، ئەمەی دواییان نازناوەكە دەباتەوە.

ئەگەریش مانجستەر سیتی لەگەڵ وێست هام یەكسان بن و ئەرسیناڵ لە ئیڤەرتۆن بباتەوە، هەردوو تیمەكە لە ژمارەی خاڵەكاندا یەكسان دەبن، ئەوكات پەنا دەبرێتەبەر هەندێك ژمارەی دیكە.

ئەگەر خاڵەكانی هەردوو تیمەكە یەكسان بن، چۆن پاڵەوان یەكلادەكرێتەوە؟
لەكاتی یەكسانبوونی خاڵەكاندا پەنا بۆ ئەم هەنگاوانە دەبردرێت:

جیاوازیی گۆڵ
ژمارەی گۆڵە تۆماركراوەكان
خاڵ لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆكان
گۆڵە تۆماركراوەكانی دەرەوەی یاریگا لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆكان
یاریی یەكلاكەرەوە لە دۆخی یەكلاكردنەوەی نازناو یان سەركەوتن بۆ كێبڕكێی ئەوروپی یان دابەزین لێی.

لەئێستادا ئەرسیناڵ لە پێش مانجستەر سیتییەوەیە لە جیاوازیی گۆڵدا، 61 گۆڵ بەرامبەر 60 گۆڵ. لە حاڵەتی یەكسانبووندا لە جیاوازیی گۆڵدا، پەنا بۆ بنەمای دووەم دەبرێت، ئەویش خاوەندارێتیكردنی زۆرترین ژمارەی گۆڵە، لەئێستادا مانجستەر خاوەن 93 گۆڵە و ئەرسیناڵ 89 گۆڵی تۆماركردووە.

ئەگەر لەمەشیاندا یەكسانبوون، پەنا بۆ بنەمای سێیەم دەبرێت، ئەویش رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆكانە، لەمەیاندا ئەرسیناڵ لەپێشەوەیە بەهۆی بردنەوەی لە لەندەن 1-سفر و یەكسانبوون سفر-سفر لە مانجستەر.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق تەنها 12.2 ملیۆن دۆلاری نەختینەی خستووەتە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

وتەبێژی یەکێتی: تەمەنی پەرلەمان 32 ساڵە و لەوە دەرچووە پێی بوترێت ساوایە و فەریکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share