وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، حكومەت كارەبا بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ چوار توێژ دەستەبەردەكات كە لە نێوانیاندا هاوڵاتییان هەن.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، چوار توێژی جیاجیای هاوبەشان هەن كە بریتین لە هاوبەشانی هاوڵاتیان، پرۆژەی كشتوكاڵی، پیشەسازی و بازرگانی سەرجەمیان كارەبایان بە نرخی پاڵپشتیكراو پێدەدرێت.
وتیشی، “ئاستی پاڵپشتیكردن بۆ هاوبەشانی هاوڵاتییان دەگاتە نزیكەی 90%”.
هەرچی پرۆژە كشتوكاڵییەكان و هەروەها بازرگانییەكانە وەك خاوەن هۆتێل و دوكان و بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی دیكە، كارەبایان بە پاڵپشتیی لەنێوان 60 تا 70% بۆ دابیندەكرێت، ئەحمەد موسا وای وت.
دووپاتیشیكردەوە، كارەبا بە هاوڵاتییان و خاوەن پرۆژە بازرگانییەكان بە نرخی تێچوو نادرێت، بەڵكو بە نرخی پاڵپشتیكراو دەدرێت بە مەبەستی هاندانی بەرهەمی نیشتمانی و، هاندانی وەبەرهێنان.